نوێترین زانیاری ده‌رباره‌ی ته‌وتین و كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی بانكی ره‌شید و رافیده‌ین له هه‌رێم
وێستگه‌نیوز-
په‌رله‌مانتارێكی كورد له په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ردوو بانكی ره‌شید و رافیده‌ین ئاماده‌ییان تێدایه بۆ كردنه‌وه‌ی لقه‌كانیان له هه‌رێم، ده‌شڵێت: "حكومه‌تی هه‌رێم ده‌خه‌ینه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی هه‌ماهه‌نگی بۆ كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی ئه‌و دوو بانكه له هه‌رێم".
د.بڕیار ره‌شید شه‌ریف په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌بانكی ڕه‌شید و ڕافیده‌ین مان كرد. له به‌رواری 2024/4/16 له‌گه‌ڵ دكتۆر عه‌لی كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی رافیده‌ین و دواتر له به‌رواری 2024/4/18 له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د سه‌میر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی ره‌شید كۆوبوینهوه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌رئه‌نجامی هه‌ردوو كۆبوونه‌وه و به‌دواداچونه‌كانی خستووه‌ته‌ڕوو و روونیكردووه‌ته‌وه كه "بۆ ئه‌نجامدانی ته‌وتین بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێم راسته‌وخۆ ته‌نها به ناردنی ـ ناوی چواری كه‌سه‌كه، ناوی سیانی دایك، كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمه‌وه، بانكه‌كان ده‌توانن ته‌وتین بكه‌ن".
ده‌شڵێت: "واته پێویستی به هاتنی هاوڵاتیان خۆیان نییه و دواتریش له‌ڕێگه‌ی فهرمانگـهكانیانهوه كارته‌كانیان بۆ ده‌نێردرێته‌وه و هاوڵاتیان له هه‌ر ئامێرێكی (ATM) یاخود ده‌روازیه‌كی پاره‌داركردن ده‌توانن موچه‌كانیان رابكێشن".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی بانكه‌كان بۆ كارئاسانی زیاتر و سودمه‌ندبوونی هاوڵاتیانه له خزمه‌تگوزارییه‌كان وه‌ك قه‌رز بۆ كڕین یان دروستكردنی خانوو یان قه‌رز بۆ پرۆژه‌ی جۆراوجۆر و ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر".
وتیشی: "كردنه‌وه‌ی لقی دوو بانكی ناوبراو پێویستیان به هه‌ماهه‌نگی ته‌نها وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و تۆماری خانووبه‌ره هه‌یه، چونكه لایه‌نه‌كانی تر وه‌كو وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و بانكه‌كان و بانكی ناوه‌ندی هه‌موو ئاماده‌ییان تیایه (پێشتر به نوسراو لاری نه‌بونمان وه‌رگرتووه)".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره باس له‌وه ده‌كات كه "راسته موڵكه‌كانی رافیده‌ین و ره‌شید كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم به‌كاردێت و بۆ داموده‌زگای تر، به‌ڵام ئه‌مه بابه‌تێكی سه‌ره‌كی نییه و ڕێگرییه‌كی ڕاستی نییه له كردنه‌وه‌ی ئه‌و لقانه".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "ئه‌م موڵكانه مه‌رج نییه بگه‌ڕێندرێته‌وه و مه‌رج نییه به‌ته‌واوی قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه بۆ ئه‌و دوو بانكه، ته‌نها له سه‌ره‌تادا مادام خۆیان موڵكیان هه‌بووه و هه‌یه، ئه‌ركه له‌سه‌ر حكومه‌ت كه موڵك ( بینا)یان بۆیان دابین بكات، و ئه‌م بینایانه رووبه‌ری گه‌وره‌ی پێوسیت نییه. به‌ڵكو ته‌نها له ڕووبه‌ری 150-200 مه‌تر ده‌توانن لقه‌كانیان بكه‌نه‌وه".
د.بڕیار ره‌شید ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی كه ئه‌و دوو بانكه چاوه‌ڕوانن، كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌ش و دروستكردنی لیژنه‌ی هاوبه‌شه بۆ ده‌ستكردنی به هه‌نگاوی كرداری. حكومه‌تی هه‌رێم ده‌خه‌ینه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی به‌دواداچوون و هه‌ماهه‌نگی بۆ ئه‌م پرسه".
راشیگه‌یاندووه كه "بانكی رافیده‌ین و ره‌شید هه‌ردووكی خاوه‌نی ئاپلیكهیشنی خۆیانن و هه‌موو ئه‌و تازه‌گه‌ریانه‌ی له بانكی ئه‌هلیدا هه‌یه بۆ به‌كارهێنه‌ر له شێوازی به‌كارهێنان و ناردنی پاره له ڕێگه‌ی مۆبایله‌وه و كڕین و هتد… له‌م دوو بانكهشدا هه‌یه".
PM:08:04:18/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 1436
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت