هۆكاری نائاماده‌یی دۆسێی نه‌وت له دانوستانه‌كانی سه‌رۆك كۆماری توركیا له به‌غدا ئاشكراكرا
وێستگه‌نیوز-
نه‌بیل ئهلمرسومی پسپۆڕی ئابووری پێیوایه كه توركیا زۆر سوودمه‌نده له به‌قاچاخبردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و به‌وهۆیه و چه‌ند هۆیه‌كی تر، له كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته له به‌غدا باسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 23ی نیسانی 2024، نه‌بیل ئه‌لمه‌رسومی پسپۆڕی ئابووری، هۆكاره‌كانی باسنه‌كردنی دۆسێی نه‌وت له دانوستانه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا له به‌غدا، ئاشكرا ده‌كات.
ئه‌لمه‌رسومی له نووسینێكدا كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "فه‌یسبووك" بڵاویكردووه‌ته‌وه ده‌ڵێت: "یه‌كه‌م هۆكار له ئاماده‌نه‌بوونی دۆسێی نه‌وت له دانوستانه‌كانی ئه‌ردۆغان، په‌یوه‌ندی به‌و رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌ی نه‌وته‌وه هه‌یه كه له كوردستان به‌رهه‌مده‌هێنرێت و له ئێستادا بڕه‌كه‌ی 295 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌یه كه ئه‌م رێژه‌یه ته‌نها له سه‌دا 65%ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته، پێش بڕیاره‌كه‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تی".
ده‌شڵێت: "هه‌نووكه رۆژانه نزیكه‌ی 220 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاو به قاچاخ و به نرخێكی كه‌م، 30 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، ده‌برێت بۆ توركیا و ئێران، هه‌ر بۆیه توركیا له‌م دۆخه‌ی ئێستا، زۆر سودمه‌ند و موسته‌فیده".
ئه‌و پسپۆڕه ئابوورییه باسی له‌وه‌شكردووه كه "هۆكارێكی دیكه، ئه‌وه‌یه نه‌وتی بهقاچاخبراوی كوردستان، داهاته‌كه‌ی راده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ند ناكرێت، به‌ڵكو داهاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ردوو پارته گه‌وره‌كه‌ی كوردستان، ده‌ستی به‌سه‌رداده‌گیرێت و ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا له به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێمه، به‌تایبه‌ت موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غدادوه ده‌درێت. ئه‌مه له كاتێكدایه به‌غدا هیچ داهاتێكی نه‌وتی له هه‌رێم وه‌رنه‌گرتوووه و راده‌ستی نه‌كراوه".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "هۆكارێكی دیكه، بریتییه له‌وه‌ی به‌غدا له حاڵی حازردا، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی جیهانی توركییه‌وه، به‌لاوه گرنگ نییه. به تایبه‌ت عێراق خه‌ریكه چاككردنه‌وه‌ی هێڵی عێراق- توركیا ته‌واو ده‌كات كه له كه‌ركوكه‌وه، به‌ره‌و باشووری درێژده‌بێته‌وه بۆ بێجی له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، پاشان به‌ره‌و باكوور بۆ سنوری توركیا درێژده‌بێته‌وه و به شاری شهرقاتدا تێده‌په‌ڕێت. له میانه‌ی ئه‌م بۆریه‌وه، ده‌توانرێت، نه‌وتی كه‌ركوك ره‌وانه‌ی توركیا بكرێت، به‌بێ به‌كارهێنانی هێڵی بۆری كوردستان".
ئه‌و شاره‌زای ئابورییه له به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات كه "هۆكارێكی دیكه ئه‌وه‌یه، نه‌وتی بهقاچاخبراوی كوردستان، ناچێته نێو پشكی عێراق بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی لاوه‌كی له ئۆپێك، ئاماژه‌یان پێداوه و به سه‌رپێچی داده‌نێن. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، له رووی كردارییه‌وه واته كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی به‌رهه‌مهێنانی عێراق به بڕی 400 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه. ئه‌مه‌ش مانای وایه كه‌مبوونه‌وه‌ی پشكی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق بۆ خوار 3 ملیۆن به‌رمیل له رۆژێكدا. ئه‌وه‌ش كاریگه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر داهاته نه‌وتییه‌كان ده‌بێت كه سه‌رچاوه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كی داهاتی گشتییه. كارێكی له‌و شێوه‌یه له دواجاردا ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی كورتهێنانێكی گه‌وره له بودجه‌دا كه خۆی له بنه‌ڕه‌تدا كورتهێنانی گه‌وره‌ی هه‌یه".
نه‌بیل ئاوا كۆتایی به قسه‌كانی ده‌هێنێت: "هۆكارێكی دیكه، بریتییه له‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان، وا ده‌خوازێت ساڵانه پشكی دارایی هه‌رێم، ملیارێك دۆلاری زیاتری بخرێته‌سه‌ر، تاكو تێچووی به‌رهه‌مهێنان و باجی رۆشتنی نه‌وته‌كه به بۆریه‌كاندا بدات، ئه‌مه‌ش هۆكاره بۆ زیادبوونی كورتهێنان له بودجه‌دا".
له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاگادار، نهێنییه‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی ئاشكرا كرد كه له نێوان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌نجامدراوه، له كاتی هاتنی ئه‌ردۆغان بۆ هه‌ولێر و سه‌رچاوه‌كه به "به‌غداد ئه‌لیه‌وم"ی راگه‌یاندووه كه"مه‌سه‌له‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌كاندا بوونی نه‌بووه. هه‌روه‌ها له كۆبوونه‌وه‌كاندا كێشه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆكه‌ی سه‌ری، باس نه‌كراوه".
سه‌رچاوه‌كه باس له‌وه ده‌كات: "ئه‌ردۆغان جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه پێش هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆكه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، كۆمه‌ڵێك مه‌رج هه‌یه، پێویسته ئه‌و مه‌رجانه جێبه‌جێ بكرێن. هه‌روه‌ها پێداگری كردووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته له بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی، پارتی كرێكارانی كوردستان هاوكاری هه‌بێت و رێگه‌یان پێنه‌درێت له ناو خاكی هه‌رێمدابن و رێگه به بوونی ئه‌و گروپه سوریانه‌ش نه‌درێت كه له پارتی كرێكارانه‌وه نزیكن، له‌وانه گروپی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات".
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه:"له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا توركیا پاڵپشتی خۆی بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی نوێی سنوری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و زیادكردنی ئاستی وه‌به‌رهێنان ده‌ربڕیوه".
سه‌رچاوه‌كه له‌م رووه‌وه رایگه‌یاندووه كه "ئه‌ردۆغان داوای له سه‌ركرده‌كانی كوردستان كردووه، له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، پاڵپشتی توركمانه‌كان بكه‌ن و ته‌واوی مافه‌كانیان له هه‌رێم وه‌ربگرن".
PM:06:49:23/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 3472
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت