سەرەمووچەی زیاتر لە 26 هەزار پێشمەرگە خەرج ده‌كرێت


وێستگه‌نیوزـ

بەگوێرەی چوار فەرمانی جیاواز، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، سەرەمووچەی زیاتر لە 26 هەزار پێشمەرگە خەرجدەکات و بڕیارە لەگەڵ مووچەی مانگی ئایار، شایستەکانیان بەگوێرەی پلە و قۆناغەکانیان وەربگرن، ئەوەش لەکاتێکدایە چەندین ساڵە سەرەمووچەی وەزارەتەکانی دیکە خەرجنەکراوە.

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی پێشمەرگە فەرمانێکی دەرکردووە بۆ خەرجکردنی سەرەمووچەی پلەدار و پێشمەرگەکانی وەزارەت بە چوار لیستی جیاواز، لیستی یەکەمیان (13 هەزار و 377 پلەدار و پێشمەرگە)ی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان لەخۆی دەگرێت، لیستی دووەمیان (10 هەزار و 579 پلەدار و پێشمەرگە)ی لیواکان لەخۆی دەگرێت.

هەروەها لە لیستی سێیەمدا (هەزار و 788 پلەدار و پێشمەرگە)ی هێزەکانی پشتیوانی یەک لەخۆ دەگرێت، لیستی چوارەم ناوی (559 پلەدار و پێشمەرگە)ی هێزەکانی پشتیوانی دوو لەخۆی دەگرێت.

ساڵانە وەزارەتی پێشمەرگە لە دوو لیستی جیا لە خشتەکانی (نەورۆز و ئەیلول) سەرەمووچەی پێشمەرگە دیاریدەکات.

رۆژی 23ی نیسانی 2024 لە چوارچێوەی خشتەی لیستی نەورۆز، سەرەمووچەی 26 هەزار و 303 پلەدار و پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتەکەی دەرکردووە، بەوپێیەش کارە کارگێڕییەکان دەستیانپێکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ مووچەی مانگی ئایار بۆیان ببەسترێت.


PM:02:08:29/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 2036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت