یه‌كگرتووی ئیسلامی: له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی گفتووگۆ له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ناده‌ین
وێستگه‌نیوز-
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند كه حزبه‌كه‌ی ناچێته هیچ گفتووگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.
مسته‌فا عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، به ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "ئێمه له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نین، ده‌مانه‌وێت هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت و چیتر داموده‌زگاكانی هه‌رێم له بۆشایی یاساییدا نه‌بن. گفتووگۆش له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ناده‌ین".
ڕۆژی 10ی مانگی 6ی 2024، وه‌كو واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكراوه و بڕیاره هه‌ڵبژاردنه‌كه له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه به‌ڕێوه‌ببرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی ڕاگه‌یاندووه و داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كات تا ئه‌وكاته‌ی تێبینییهكانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت، له‌كاتێكدا به‌شێك له هێز و لایه‌نه‌كانی تر، به‌تایبه‌ت یه‌كێتی، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندان له واده‌ی دیاریكراودا.
ڕۆژی دووشه‌ممه، دڵشاد شه‌هاب وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند كه له هه‌وڵدان بۆ گێڕانه‌وه‌ی كورسی پێكهاته‌كان، ئه‌مه‌ش به لای لایه‌نه‌كانه‌وه وه‌كو هه‌وڵێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن لێكده‌درێته‌وه.
هاوكات له‌گه‌ڵ جموجۆڵه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا كه وه‌كو هه‌وڵێك بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان لێكده‌درێته‌وه، فراكسیۆنه كوردییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی له به‌غدا ده‌نگیان له دژی دواخستنی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵبڕی.
مسته‌فا عه‌بدوڵا ده‌ڵێت: "هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان مه‌رسومی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی ناوێت، چونكه پێشتر مه‌رسومی ده‌ركردووه. كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراق ڕێكاره‌كانی ئه‌نجامداوه و كاتێكی كه‌ممان له‌به‌رده‌مدایه بۆ واده‌ی هه‌ڵبژاردن".
وتیشی: "گه‌ر یه‌كێتی و پارتی گفتووگۆ له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، خۆیان به‌رپرسیارن و چیتر هه‌رێم به‌رگه‌ی بۆشایی یاسایی و ده‌ستوری ناگرێت".
ڕۆژی 21ی مانگی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی له 111 كورسییه‌وه بۆ 100 كورسی كه‌مكرده‌وه و شێوازی هه‌ڵبژاردنیشی له یه‌ك بازنه‌ییه‌وه بۆ چوار بازنه‌یی گۆڕی، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێكهوتهوه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تا چه‌ند ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ئارادایه، مه‌كته‌ب سیاسییه‌كه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی باسی له‌وه كرد كه "ده‌مێنێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی تا چه‌ند كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراق له ڕێوشوێنه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌و ئیراده‌یه‌ی له به‌غداوه هه‌یه تا چه‌ند جدییه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی نێچیرڤان بارزانی و گفتووگۆی نێوان یه‌كێتی و پارتی ره‌نگه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی بیر له دواخستنی هه‌ڵبژاردن بكه‌نه‌وه".
هه‌رچه‌نده لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبوون، به‌ره‌ی پارتی كه تێبینی له‌سه‌ر ڕێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌ی هو داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كات، له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی یه‌كێتی كه داوای ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه ده‌كات له واده‌ی خۆیدا، به‌ڵام به ڕای چاودێران ڕێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی چاره‌نووسی پرۆسه‌كه دیاریده‌كات.
مسته‌فا عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان دووپاتیده‌كاته‌وه كه "گه‌ر هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامنه‌درێت، ده‌سه‌ڵاتداران قه‌واره‌ی هه‌رێم ده‌خه‌نه به‌رده‌م مه‌ترسی و زیاتر لاوازی ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر به‌غدا، چونكه نه‌مانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم شه‌رعییه‌تی هه‌رێم لاواز ده‌كات، بۆیه یه‌كێتی و پارتی به‌رپرسیار ده‌بن له دواخستنی هه‌ڵبژاردن".
PM:11:01:30/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 924
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت