قوباد تاڵه‌بانی: ساڵی رابردوودا سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی عێراق یه‌كه‌م بووه له رووی وه‌به‌رهێنانه‌وه
وێستگه‌نیوز-
له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتیی روسیا له هه‌ولێر، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "رووبه‌ڕووی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌بینه‌وه كه دژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بێت"، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه ساڵی رابردوودا سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی عێراق یه‌كه‌م بووه له رووی وه‌به‌رهێنانه‌وه.
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازیكرد له ماكسیم روبین، كونسوڵی گشتیی روسیا له هه‌رێمی كوردستان و له كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا تاووتوێ كران.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (2ی ئایاری 2024) به‌ڕێوه‌چوو، سه‌باره‌ت به پرسی هه‌ڵبژاردن، قوباد تاڵه‌بانی هه‌ڵوێستی خۆی و یه‌كێتی بۆ كونسوڵی گشتیی روسیا روون كرده‌وه و رایگه‌یاند: به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی دواخستنی هه‌ڵبژاردنین و رووبه‌ڕووی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌بینه‌وه كه دژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ كرا. له‌مباره‌یه‌شه‌وه، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابووین په‌یوه‌ندییه‌كی ئاسایی و ته‌ندروست و هاوسه‌نگمان له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتان و به تایبه‌تیش وڵاتانی دراوسێدا هه‌بێت.
وتیشی: "هه‌رێمی كوردستان هه‌رگیز سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه نه‌بووه بۆسه‌ر هیچ لایه‌نێك و له داهاتووشدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین په‌یوه‌ندییه‌كی باش و ته‌ندروستمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ به تایبه‌ت له رووی بازرگانییه‌وه".
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی دۆخی پارێزگای سلێمانی كرا، كونسوڵی گشتیی روسیا خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی كه له دوا سه‌ردانیدا بۆ سلێمانی هه‌ستی به گه‌شه‌سه‌ندنێكی به‌رچاو كردوه له‌ڕووی وه‌به‌رهێنانه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه قوباد تاڵه‌بانی باسی له‌وه‌كرد "راسته كه پێشتر كێشه و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنه‌راندا دروست ده‌كرا، به‌ڵام له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا هه‌نگاوی باشمان ناوه له كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی به‌رده‌م وه‌به‌رهێنه‌ران".
وتیشی: "له نزیكه‌وه چاودێری چۆنییه‌تی به‌ره‌وپێشچوونی كاروباری وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌م و هه‌موو ئاسانكارییه‌كیان بۆ ده‌كه‌م".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه "ئه‌م هه‌نگاوانه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌بووه له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی وه‌به‌رهێنان له سلێمانی به جۆرێك كه ساڵی رابردوودا پارێزگاكه له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراقدا یه‌كه‌م بووه له رووی وه‌به‌رهێنانه‌وه".
PM:05:07:02/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 1108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت