پێشنیازه‌كه‌ی عێراق بۆ پاراستنی كێڵگه‌ی كۆرومۆر ئاشكرا كرا
وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان پێشنیازه‌كه‌ی عێراقی بۆ پاراستنی كێڵگه‌ی كۆرومۆر ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند كه پێشنیازی دانانی سیستمی به‌رگریی بۆ كێڵگه‌كه كراوه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2ی ئایاری 2024، وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق به سه‌رپه‌رشتیی زیاد عه‌لی فازڵ، وه‌زیری كاره‌با سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد و له‌گه‌ڵ كه‌مال محه‌مه‌د، وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه، هه‌ر یه‌ك له زیاد عه‌لی فازڵ و كه‌مال محه‌مه‌د له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ورده‌كاریی دیداره‌كه‌یان خسته‌ڕوو و رایانگه‌یاند، هێرشه درۆنییه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرومۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وشی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌بووه.
وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان وتی: "ئێستا په‌ستانی گاز بۆ وێستگه‌كان به‌رز بووه‌ته‌وه و، بڕی 420 ملیۆن پێ سێجا گاز له كۆی 520 ملیۆن پێ سێجای پێویست ده‌گاته وێستگه‌كان".
وتیشی: "له‌گه‌ڵ وه‌فدی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق باسی كاریگه‌رییه‌كانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كۆرومۆر كراوه و جه‌ختیان له‌وه كردووه‌ته‌وه پێویسته په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانیان بده‌ین".
وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد كه ''ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌سه‌ر راسپارهدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی كێڵگه‌ی گازیی كۆرومۆری كردبوو، پێشنیازی ئه‌وه‌یان كردووه كه له رێگه‌ی سیستمی به‌رگریی ئاسمانییه‌وه كێڵگه‌كه بپارێزرێت و پێویسته ئه‌م پێشنیازه‌ش بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.''
ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی، 26ی نیسان به درۆن هێرش كرایه سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرومۆر له قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و به‌هۆیه‌وه چوار كارمه‌ند گیانیان له‌ده‌ست دا و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باش 2 هه‌زار و 500 مێگاوات كه‌مبووه‌وه.
زیاد عه‌لی فازڵ وه‌زیری كاره‌بای عێراق سه‌باره‌ت به وه‌ستانی گاز له كێڵگه‌ی كۆرومۆر وتی: ''كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی وزه هه‌بووه، بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ ئه‌و وزه‌مان له‌ده‌ست دا، كه له هه‌رێممان هاورده ده‌كرد''.
PM:08:05:02/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 5468
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت