مهسرور بارزانی: دەمانەوێت زانکۆکانمان له ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی سەردەمدا بن
مهسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم
وێستگهنیوزـ
مهسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگهیاند، دەیانەوێت زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانیان، له ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه یارمهتیدهری پرۆسهی گهشهپێدانی ژێرخانی ئابوورییان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی ئایاری 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دیداری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و ئوردن لەژێر ناونیشانی (وێناکردنی ئایندە لە رێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) لە هەولێری پایتەخت، بە بەشداریی شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای ئوردن و ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە دیدارەکەدا، مهسرور بارزانی سەرۆک وهىزیرانی ههرێم وتارێکی پێشکەش کرد وجەختی لەوە کردەوە: "پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامهزراوه ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشییەکانمانن و دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه یارمهتیدهری پرۆسهی گهشهپێدانی ژێرخانی ئابووریمان".
ئەمەش دەقی وتارە:
بە ناوی خوا گەورە و میهرەبان
میوانان و ئامادەبووانی بەڕێز
زۆر بەخێر بێن
بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانانی بەڕێز، شاندی شانشینیی هاشمیی ئوردنی دەکەم بۆ هەرێمی کوردستان و سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم دیدارە گرنگە دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی دەخوازم.
هیوادارم لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ و بە سوود بخرێنە ڕوو هەروەها ئەم دیدارە، ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.
ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی شانشینیی ئوردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
خۆشحاڵین کە پەیوەندییەکی لەمێژینە و دۆستانەمان لەگەڵ شانشینیی هاشمیی ئوردنی بەڕێبەرایەتیی خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم هەیە، کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، هاوکار و پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بووه.
بەڕێزان:
پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامهزراوه ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان کە دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه یارمهتیدهری پرۆسهی گهشهپێدانی ژێرخانی ئابووریمان.
ڕاستە لە ساڵانی ڕابروودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە و بەسەر زۆریشیاندا زاڵ بووین، بەڵام چەند کێشە و قەیرانەکانیشمان هەبێت، هەرگیز ساردمان ناکەنەوە لەوەی بایەخ و گرنگییەکی تەواو، بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی خوێندن و زانکۆکانمان بدەین.
پێویستە زانکۆکانمان، هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە ، هاریکاریی حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازیی هەمەلایەنەی خۆی بدات.
ئێمە چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە زانکۆکان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەر و کارای خۆیان نەک تەنیا وەک مەڵبەندێکی زانستی فێرکاری و پێگەیاندنی نەوەکانمان بگێڕن، بەڵکوو دامەزراوەیەکی زیندووی ڕۆشنگەریی و بزوێنەری نوێخوازی و داهێنانیش بن .
هەمیشە خوازیاری ئەوەین کە ئارامی و سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بەگشتی هەبێت. لەم چوارچێوەیەشدا، هەمیشە هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە و کاری کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێت لە دابینكردن و پاراستنی سەقامگیریدا، چونکە تەنیا لە دۆخێکی سەقامگیردا، دەتوانین کار لە سەر پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان لە هەموو بوارەکاندا بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، کە ئێمە لە ڕووی سامانی مرۆیی و ماددییەوە، هیچمان لەو کۆمەڵگەیانە کەمتر نییە و تەنیا بارودۆخێکی ئارام و سەقامگیر و بەڕێوەبردنێکی ژیر و زانستی و داهێنەرانەمان پێویستە بۆ ئەوەی لە ئاست پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بین.
جارێكی دیكه بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکانمان دەکەم و دهستخۆشیتان لێ دهكهم بۆ سازکردنی ئەم دیدارە و هیوای سەرکەوتننان بۆ دەخوازم.
هەر شاد و سەرکەوتووبن.
AM:10:59:05/05/2024
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت