وەزارەتی پێشمەرگە: بریاری لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کەرەستە سەربازییەکان دەبێتە دەسکەوتێکی گرنگ


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێم رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کەرەستە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە دەبێتە دەسکەوتێکی مێژوویی.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی ئایاری 2024، وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هەرێم رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی دوێنێ 8ی ئایاری 2024ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بەسەرۆکایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق  محەمەد شیاع سودانی و بەبەشداری فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگه بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک بریار و راسپاردە دەرکران لەوانە، لێخۆشبوونی گومرگی بوو لەو کەرەستە سەربازییانەی کەوەزارەتی پێشمەرگە وەک هاوکاری وەریان دەگرێت لەچوارچێوەی ئەو کۆمەکانەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکەش بە پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت.

باسی لەوەش کردووە، ئەم بریارە دەبێتە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ مێژووی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

راشیگەیاندووە، دوای بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هاوکات بەشداربوونی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەکۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و پاڵپشتی راستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتنی زۆری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دەرکردنی ئەم بریارە.


PM:12:12:09/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت