نه‌وه‌ی نوێ لە دادگای فیدراڵی لەسەر لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار کرد


وێستگه‌نیوزـ

نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای تۆمارکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هه‌رێم و هۆشداریشی داوه‌ كه‌ ئەگەر لەماوەی سێ مانگدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، "ئەوا حکومەتی هه‌رێم بە یەکجاریی هەڵدەوەشێتەوە".


ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ فراکسیونی نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردوە و داوای کردوە ئەو حکومەتە بە یاسا بکرێت بە حکومەتی کاربەڕیکەر و مافی هیچ گرێبەست و رێکەوتنێکی نەبێت تا کاتی هەڵبژاردن.

رێبوار ئەورەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق وتی، دوو خاڵیان لە سکاڵاکەدا باس کردووە، یەکەمیان ئەوەیە حکومەتی هەرێم حکومەتێکی کاربەڕێکەرە و تەنها دەبێت کاروباری رۆژانە بەڕێوەبەرێت نەوەک بڕیار دەربکات.

وتیشی، "خاڵی دووەم ئەوەیە کە ئەگەر لەماوەی سێ مانگدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، ئەوا حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بە یەکجاریی هەڵدەوەشێتەوە".

رێبوار ئەورەحمان باسی له‌وه‌شكرد، "گرنگە لەو کاتەی خەڵک پێویستی پێتبوو لەگەڵیاندابیت و ئەوە بکەیت کە لەسەر شانتە، ئێمە ئەوەمان کرد و چاوەڕێی بڕیاری دادگاین".

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، یەکەمجارە پارتی و یەکێتی بەمجۆرەی ئێستا لە هەڵبژاردن دەترسن و دەیانەوێت تا ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن نەکرێت، بەڵام نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی هه‌رێم تۆماردەکەن تا بە ماوەبەسەرچوو و هەڵوەشاوە لەقەڵەم بدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتوودا هەرچی ڕووبەڕووی خەڵک و هەرێم بێتەوە پارتی و یەکێتی لێی بەرپرسن، چونکە لەپێناو چەند کورسییەک سەرکێشی بە خەڵک و هەرێمیشەوە دەکەن و دەیانەوێت 11 کورسییەکەی کۆتا بگەرێتەوە و ئەگەر پێنج کورسی کۆتاش بگەڕێتەوە لەسەر حسابی پارتی و یەکێتی دەبێت.


PM:04:16:09/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت