بایدن بۆ عەبادی: ئەمریكا جەخت لەسەر سەروەریی و یەكپارچیی عیراق دەكات


وێستگە نیوز-
 
جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەنجامدەدات و لە پەیوەندییەكەدا جەخت لەسەر پێداگریی وڵاتەكەی بۆ سەروەریی عیراق و یەكێتی خاكی عیراق دەكاتەوە، عەبادیش تەئكیدی لەسەر بایەخی عیراق بە زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ولایەتە یەكگرتووەكان دەكاتەوە.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ دوو شەممە لەلایەن جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكاوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی پێگەیشتووە". 

بەپێی بەیاننامەكە،" عەبادی باسی لە پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان لە هەموو میحوەرەكاندا كردووە كە ئامانجیان رزگاركردنی مرۆڤ و خاكە لە چنگی ئەو گروپە تیرۆریستانە"، رونیشكردووەتەوە"عیراق پێداگرە لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ولایەتە یەكگرتووەكان و بەردەوامبی پشتیوانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ عیراق لە جەنگی دژ بە تیرۆر و گێڕانەوەی سەقامگیریی بۆ شارە رزگاركراوەكان". 

لای خۆیەوە بایدن ستایشی ئەو پێشڕەوییە گەورانەی كردووە كە هێزە چەكدارەكانی عیراق لە شەڕی موسڵ بەدیانهێناوە و سەركەوتووبوون، پشتیوانی ولایەتە یەكگرتووەكانیشی بۆ حكومەتی عیراق لە جەنگی دژ بە تیرۆر، دووپاتكردووەتەوە. 

وەك لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە، بایدن ستایشی سەركردایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی كردووە لە بەرجەستەكردنی لێكگەیشتن لەنێوان پێكهاتەكانی عیراق و ئەو هەماهەنگییەی لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی تر و بەیتایبەتیش لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا هەیە.  

جێگری سەرۆكی ئەمریكا،  تەئكیدیشی لەسەر پشتیوانی ولایەتە یەكگرتووەكان بۆ سەروەریی و یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی عیراق و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان كردووەتەەوە. 

پێشتر برێت ماكگۆرك نێردەی تایبەتی ئەمریكا، تەئكیدی لەسەر پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەروەریی خاكی عیراق كردەوە و ئاماژەی بە نیگەرانی وڵاتەكەشی سەبارەت بە بوونی هێزەكانی توركیا لە باكووری عیراق كردبوو. 



PM:08:57:21/11/2016


ئه‌م بابه‌ته 2829 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو