"سبەینێ تۆمەتبارانی کوشتنی هۆشیار ئیسماعیل دادگایی دەکرێن"

‌د.هۆشیار ئیسماعیل

وێستگه‌ نیوزـ

برایەکی د.هۆشیار ئیسماعیل رایگەیاند، سبەینێ تۆمەتبارانی کەسی هۆشیار ئیسماعیل لە دادگای هەولێر دادگایی دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە دیار گۆران برای هۆشیار ئیسماعیل بە ئێن ئاڕ تی وت، سبەینێ کاتژمێر 9 ئەو دوو کەسەی بە تۆمەتی کوشتنی هۆشیار ئیسماعیل دەستگیرکراون، لە دادگای هەولێر دادگایی دەکرێن.

پێشتر پارێزەری‌ دۆسیەی‌ کوژرانی‌ هۆشیار ئیسماعیل مامۆستا ئاینییەکەی‌ شاری‌ هەولێر ڕەتیکردەوە ئەو کەسانەی‌ لەسەر ڕووداوە دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە، لە وتەکانیان پاشگەز بووبێتنەوە.

بەکر قادر پارێزەری دۆسیەی کوژرانی هۆشیار ئیسماعیل، کە هاوکات ڕاویژکاری‌ ئەمینداری‌ گشتی‌ یەکگرتووە، بە ئێن ئاڕ تی‌ ڕاگەیاند "وتەی‌ تاوانباران نەگۆڕاون و پاشگەز نەبوونەتەوە".

ڕاشیگەیاند، دۆسیەی‌ هوشیار ئیسماعیل جگە لە "تیرۆر" هیچ مانایەکی‌ دیکە هەڵناگرێت و ئەوانەی‌ وتە و قسەی‌ ناڕاست لەسەر دۆسیەکەی‌ بڵاودەکەنەوە بەشێکن لە "تیرۆر".

هاوکات پێشتریش هادی عەلی سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سیاسی یه‌كگرتوو بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە "له‌ باره‌ی‌ تیرۆكردنی‌ مامۆستا هۆشیارەوە چه‌ند راستیه‌كی‌ گرنگ هه‌یه‌ ئه‌وانیش یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ بكوژه‌كان مه‌علومن كه‌ دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌ و ئینتیمای‌ وه‌زیفی‌ و حكومیشیان ئاشكرایه‌ كه‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌ ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ زۆر رۆشنه".

شەوی‌ 22ی‌ تشرینی دووه‌می 2016، د.هۆشیار ئیسماعیل پێشنوێژ ‌و وتارخوێنی مزگه‌وتی حاجی عومه‌ر بندیان، له شاری‌ ‌هه‌ولێر و لە بەردەم ماڵەکەیدا کوژرا و دوای‌ چەند ڕۆژێک دوو کەس بە تۆمەتی‌ کوشتنی‌ ئەو مامۆستا ئاینییە دەستگیرکران.


PM:12:57:03/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 5997 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت