سبەینێ پەرلەمانی عیراق كۆدەبێتەوە

‌پەرلەمانی عیراق

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
وا بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی عیراق دانیشتنێكی دیكەی نائاسایی سەبارەت بە دۆخی سیاسی و دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن ئەنجام بدات.

ئەمین بەكر، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق بە وێستگە نیوزی راگەیاند، كۆبوونەوەكەی سبەینێ بۆ تاوتوێی بڕیارەكانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵییە سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و هەروەها سەرپەرشتیكردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و باسكردنیش لە كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان.

ئەمڕۆ مەدحەت محمود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا له‌ به‌غدا رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عیراق کە لە 6ی حوزەیراندا ئەنجامدرا دەستورییە و ژماردنەوە و جیاکردنەوەی‌ دەستیی‌ دەنگەکان کارێکی‌ دروستە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکان بەهەدەردانی دەنگی دەنگدەرانە. ئەوەشی راگەیاند، بریارەکانی دادگای فیدراڵی ئیلزامیە، پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پاپەندبن.

دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عیراق، هەندێك لایەنی عیراقی و كوردی ئاماژەیان بەوەكرد كە ساختەكاری كراوە، دواتر پەرلەمانی عیراق یاسای هەڵبژاردنەكانی هەموار كردەوە و بڕیاریدا بە رەتكردنەوەی دەنگی تایبەت و جیاكردنەوەی ژمارەیەك لە دەنگەكان بەدەست، ئەندامانی كۆمسیۆنیشی لەكاركردن راگرت.

دوای ئەو بڕیارانەی پەرلەمان، سەرۆك كۆماری عیراق و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و پارتی دیموكراتی كوردستان تانەیان لە یاساكە گرت.

كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عیراق لە كاتێكدایە رۆژی 30ی ئەم مانگە خولی چوارەمی پەرلەمانی عیراق كۆتایی دێت.

پ.ج


PM:04:29:21/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 2184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت