وته‌بێژی پارتی: دادگای فیدراڵی، به به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان و پێشمه‌رگه و هێزه ناوخۆییه‌كانمان بڕیاری دا
وێستگه نیوز –
وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه له ده‌رئه‌نجامی سكاڵا و به‌دواداچونیان دادگای فیدراڵی، به به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی دڵسۆزی كوردستان و پێشمه‌رگه و هێزه ناوخۆییه‌كانمان بڕیاری دا و سكاڵا و هه‌ڵوێستی ئه‌وانیش ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بووه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه، مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه "دوای راگه‌یاندنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی5ی2018ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌ڵوێست و رای جیا جیا بڵاوكرانه‌وه. ئێمه له پارتی دیموكراتی كوردستان، رامانگه‌یاند، بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومان و نیگه‌رانیه‌كان، پێویسته رێگا و رێككاره یاسایی و ده‌ستووریه‌كان بگیرێنه‌به‌ر، له‌دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سه‌ره‌تا به بڕیار و دواتریش به یاسا، ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی سپارد به ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، تائێره بۆ ده‌رخستنی راستیه‌كان و ره‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌كان و پاراستنی سه‌قامگیری، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌مافی هه‌موو لایه‌كمان زانی".
وته‌بێژی پارتی ده‌ڵێت: "به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، له ژێر گوشاری چه‌ند لایه‌نێك، به‌مه‌به‌ستی لێدانی ناوبانگی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، مه‌رجی به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ته‌واوكردنی نیسابی یاسایی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌سته‌وه به زیادكردنی خاڵێك له پرۆژه یاساكه‌دا كه ده‌نگی پێشمه‌رگه و هێزه ناوخۆییه‌كانی كوردستان، به‌بێ لێكۆڵینه‌وه و ئه‌ژماركردنه‌وه، ئیلغا بكرێن".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "هه‌رزوو ئێمه له پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌م ره‌فتاره‌مان به نایاسایی و ناده‌ستووری زانی و به ئاماژه‌یه‌كیشمان زانی بۆ رقێكی زۆر له قاره‌مانیه‌تی و قوربانیدان و خۆڕاگری ئه‌و هێزانه و جگه له‌وه‌ش هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ نه‌ده‌كرا".
مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "له روانگه‌ی دڵسۆزیمان بۆ گه‌ل و وه‌فامان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و هێزه‌كانی ناوخۆ له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵوێستی سیاسی خۆمان راگه‌یاند و له رێگای یاسا و له چوارچێوه‌ی ده‌ستووریشدا سكاڵامان تۆماركرد، كه چۆن ده‌كرێت به‌بێ لێكۆڵینه‌وه و ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، ته‌نیا له‌به‌ر ویستی چه‌ند لایه‌نێك، ئه‌و غه‌دره له‌و هێزه دڵسۆزانه‌ی كوردستان بكرێت".
ده‌شڵێت: "له ده‌رئه‌نجامی سكاڵا و به‌دواداچونمان، نه‌توانرا ره‌وایه‌تی به‌و بڕیاره حقدئامێزه‌بدرێت و، له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگای فیدراڵی، به به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی دڵسۆزی كوردستان و پێشمه‌رگه و هێزه ناوخۆییه‌كانمان بڕیار ده‌رچوو، كه سكاڵا و هه‌ڵوێستی ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بوو به‌ته‌نیا".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق له دانیشتنێكدا پشتگیری خۆی بۆ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند كه بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ دووباره ژماردنه‌وه و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ھه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ست، ده‌ستوورییه، ھه‌روه‌ھا ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ده‌نگده‌رانی تاراوگه، ئاواره‌كان، ھێزه ئه‌منییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ی ره‌تكرده‌وه.
PM:07:33:21/06/2018
ئه‌م بابه‌ته 4044
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت