كۆتایی تراژیدیی پادشاكانی عیراق
کۆشکی ریحاب
وێستگه نیوزـ
شا فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م، دامه‌زرێنه‌ری شانشینی عیراقه له 21ی ئابی 1921 و له مانگی سێپتێمبه‌ری 1933 به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه كۆچی دوایی كرد.
دواتر غازی كوڕی (شا غازیی یەکەم) كه ده‌كاته غازی كوڕی فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م كوڕی حسێن كوڕی عه‌لی هاشمی، جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست و له مانگی سێپتێمبه‌ری 1933وه، بووه دووه‌م پادشای عیراق، شا غازیی یەکەم دوو راوێژكاری له‌گه‌ڵ بوو، چونكه پێویستی به‌وه بوو ئه‌زمونی سیاسیی هه‌بێت.
شاژنه عالیه، ژنی شا غازی و كچی عه‌لی بن حسێن بن عه‌لی هاشمی و كچه مامێكیشی سه‌رچاوه‌ی هێزی شا غازی بوون، ئه‌وان له چه‌ندین كاروباری تایبه‌تدا هاوکاریی شا غازییان دەکرد و رێنماییان دەکرد، چونكه پادشا شارەزای كاروباری سیاسی بەبوو، شاژنه عالیه ئاگای لە پیلانگێڕییه‌كان بوو هه‌میشه شا غازیی لە کاروبارەکان ئاگادار ده‌كرده‌وه و ئامۆژگاریی ده‌كرد.
له 4ی نیسانی 1939 شا غازی-ی یەکەم له‌كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كۆچی دوایی كرد، ئه‌وه‌ش كاتێك خۆی به ستونێكی كاره‌بایی کێشا و كه‌وت به سه‌ریدا، به‌ڵام گریمانه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه روداوه‌كه پیلانی بۆ داڕ‌ێژرابوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نزیكیی شا غازی له هیتله‌ر له دژی ئینگلیزه‌كان كه ده‌سه‌ڵاتیان له عیراق هه‌بوو.
لێدوانی پزیشكه‌كان دوای توێكاری بۆ ته‌رمی شا غازی ئه‌وه‌نده‌ی دیكه روداوه‌كه‌ی ته‌مومژاوی كرد، چونكه ئه‌وان شتێكیان ده‌وت و لیژنه‌ی پزیشكیی تایبه‌ت به مردنه‌كه‌شی كه به سه‌رۆكایه‌تیی پزیشكێكی به‌رتیانی بوو، شتێكی دیكه‌یان ده‌وت.
هه‌ندێك له لێدوانه‌كان ده‌یانوت كه له‌كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی، به ئامێرێكی ره‌ق له پشته سه‌ری شاغازی دراوه، به‌ڵام به ره‌سمی وتار كه خۆی به ستونێكی كاره‌باییدا كێشاوه، هاوكات پزیشكێكی عیراقی به‌ناوی سائیب شه‌وكه‌ت وتبوی كه پێكدادانه‌كه به‌هۆی ستونی كاره‌باوه نه‌بووه و وێنه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌شی قه‌ده‌غه كرا تا بیسه‌لمێنێت خۆی به‌و ستونه‌دا داوه.
ئه‌وه‌ی وێنه‌ی روداوه‌كه‌ی بینیوه ده‌ڵێت كه ئۆتۆمبیله‌كه له‌لای راسته‌وه به‌ر ستونهكه كه‌وتوه، به‌ڵام پادشا له‌لای چه‌په‌وه بووه.
دوای مردنی شا غازی، شاژنه عالیه به‌باشی زانی هه‌ردوو یاوه‌ره دڵسۆز و نزیكه‌كه‌ی مێرده‌كه‌ی بهێڵێته‌وه تا یاوه‌ریی كوڕه‌ی بكه‌ن به‌ناوی فه‌یسه‌ڵ، كه بووه شا فه‌یسه‌ڵی دووه‌م.
شاژنه عالیه له شایهتیدانێكدا له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وتی كه پادشا رایسپاردوه له‌كاتی مردنیدا عه‌بدولئیلاه (برای شاژن) ببێتە میراتگری تەختی شاهانە تا ئەوکاتەی فه‌یسه‌ڵی كوڕی دەگات بە ته‌مه‌نی یاسایی و ئەو کاتە تاجەکە دەدرێتەوە بە فەیسەڵ.
شاژنە عالیە و شا فەیسەڵی دووەم (هێشتا منداڵە)
شاژنە عالیە و شا فەیسەڵی دووەم و عەبدولئیلاه برای شاژن
عەبدولئیلاه (میراتگری تەختی شاهانە - برای شاژن) و شا فەیسەڵی دووەم
عه‌بدولئیلاه
شا فه‌یسه‌ڵی دووه‌م له‌سه‌ر راسپارده‌ی شازاده عه‌بدولئیلاهی خاڵی بووه پادشا به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی فه‌یسه‌ڵی دووه‌م له 2ی ئایاری 1953 گه‌یشته ته‌مه‌نی یاسایی بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات.
ئه‌فسه‌رێكی پێشووی پاسه‌وانی شاهانه‌ی عیراق به‌ناوی فالح حه‌نزه‌ل ئاشكرایكردوه كه شا فه‌یسه‌ڵی دووه‌م كه‌سێكی خاكی بووه و خه‌ڵك خۆشی ویستوه، له سه‌رده‌می حوكمڕانیی ئه‌ویشدا پرۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌ستی پێ:رد به‌تایبه‌ت تا دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی ئاوه‌دانكردنه‌وه كه پلانی به‌رده‌وامی بۆ گه‌شه‌پێدانی به‌غدای پایته‌خت و شاره‌كانی دیكه‌ی عیراق هه‌بوو.
ململانێكان تا شۆڕشی ئه‌فسه‌رانی رزگاریخواز به‌رده‌وام بوو، ئه‌م شۆڕشه كاریگه‌ریی شۆڕشی ئه‌فسه‌رانی میسری له‌سه‌ر بوو كه پێش عیراق كرا، هه‌ربۆیه ئه‌فسه‌ره‌كانی عیراق له 14ی حوزه‌یرانی 1958 ته‌وقی كۆشكی ریحابی شاهانه‌یان دا.
فالح حه‌نزه‌ل، پاسه‌وانه شاهانه‌كه وردكاریی خوله‌كه‌كانی كۆتایی خانه‌واده‌ی شاهانه‌ی ئاشكراكردوه و وتویه‌تی: شازاده خاتونهكانی و خانمانی كۆشك له‌كاتی ههڵكوتانهسهری ئه‌فسه‌ره‌كاندا له ترسا ده‌یانقیژاند و سه‌ری خۆیان داده‌پۆشی و قورئانیان ده‌خوێند.
ده‌شڵێت: ئه‌وكاته‌ی كه پادشا هیچ رێگه‌یه‌كی نه‌ما و نه‌یتوانی قه‌یرانه‌كه چاره‌سه‌ر بكات، بڕیاری خۆ راده‌ستكردنی بۆ خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی دا، هه‌ربۆیه شا فه‌یسه‌ڵی دووه‌م خۆی و شازاده عه‌بدولئیلاه و شاژنه نه‌فیسه‌ی نه‌نكی و عابدیه-ی خوشكی عهبدولئلاه و شازاده هیام، ژنی عه‌بدولئیلاه و هه‌ندێك له یاوه‌ر و خزمه‌تگوزاره‌كان هاتنه ده‌ره‌وه و خۆیان دا به‌ده‌سته‌وه.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و كۆبونه‌وه‌ی خانه‌واده‌ی شاهانه له باخچه‌یه‌كی بچوكدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ فه‌رمانێك كرابێت، خانه‌واده‌ی شاهانه درانه به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله، دوو فیشه‌ك نرا به سه‌ری پادشا و یه‌كێكی به ملیه‌وه و به‌وه‌ش گیانی له‌ده‌ستدا.
له‌سه‌ر داوای شا حسێن بن ته‌لال، پادشای ئوردن، ته‌رمی شا فه‌یسه‌ڵی دووه‌م له گۆڕستانی شاهانه له ناوچه‌ی ئه‌عزه‌مییه‌ی به‌غدا به‌خاك سپێردرا.
شازاده عه‌بدولئیلاه فیشه‌ك به‌ر پشتی كه‌وت و مرد، هه‌ر له‌وێدا شاژنه نه‌فیسه و شازاده عابدیه مردن و ئه‌میره هیام-ی ژنی شا فه‌یسه‌ڵی دووه‌م له رانیدا پێكرا.
هه‌موو ته‌رمه‌كان جگه‌له شازاده عه‌بدولئیلاه، به‌خاك سپێدران، به‌ڵام ته‌رمی عه‌بدولئیلاه به شه‌قامه‌كاندا راكێشرا و دواتر به ده‌رگای وه‌زاره‌تی به‌رگریدا هه‌ڵواسراو، ئینجا ئه‌وه‌ی له لاشه‌كه‌ی مایه‌وه سوتێنرا و خرایه روباری دیجهلهوه.
PM:07:15:11/08/2018
ئه‌م بابه‌ته 9526
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت