به‌وێنه‌..به‌خاكسپاردنی چوار كۆچبه‌ره‌ كورده‌ خنكاوه‌كه‌ی ئیجه‌ له‌ خورماتوو

‌تەرمی کۆچبەرەکان

وێستگه‌ نیوزـ

ته‌رمی ئه‌و خێزانه‌ كورده‌ی كه‌ له‌ده‌ریای ئیجەی توركیا‌دا خنكان، گه‌یشته‌وه‌ قه‌زای خورماتو و له‌ گۆڕستانی شه‌هیدانی ئه‌و قه‌زایه‌ به‌خاك سپێردران.

شەوی ڕابردوو تەرمی‌ ئەو چوار کۆچبەرە لە قەزای‌ زاخۆوە گەیشتنەوە خاکی‌ هەرێم و ئەمڕۆش گەڕێندرانەوە دوزخورماتوو، ئەو چوار ئەندامەی‌ ئەو خێزانە کە دانیشتووی قەزای دوزخورماتوو بوون، لەکاتی هەوڵی پەڕینەوەیان لە دەریای ئیجەدا خنکان.

پێشتر ئاری جەلال سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەران رایگەیاندبوو، ئەو خێزانە لە باوک و دایک و کوڕێک و سێ کچ پێکهاتبوون، لەکاتی هەوڵی پەڕینەوە لە دەریای ئیجە بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوتووە، باوک و کوڕەکە رزگاریان بووە و دایکەکە و هەرسێ کچەکەی خنکاون.

خێزانەکە لە عەشیرەتی داودییە و شەش کەس بوون، تەنها ھونەر ڕەعد ئەکبەر کە سەرۆک خێزانەکەیە و محەمەدی کوڕی بە زیندوویی ماونەتەوە، ئەوانی دیکە شەیما عەزیز تەمەن 34 ساڵ و فەرەح هونەر تەمەن 8 ساڵ، دەلال هونەر 5 ساڵ، نەغەم هونەر 10 ساڵ، خنکاون.

بەهۆی روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و هاتنی گروپە شیعییەکان و سوپای عیراق، بەشێکی زۆر لە کوردانی خورماتوو ئاوارەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بوون، هەندێکیشیان هاوشێوەی گەنج و لاوانی هەرێم ڕێگای تورکیایان گرتەبەر بۆئەوەی لەڕێی دەریای ئیجەوە خۆیان بە یەکێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان بگەیەنن، بەڵام هەندێکجار بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکانەوە، روبەڕوی مەرگ دەبنەوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بەلەمێک لەکاتی پەڕینەوەی بۆ یۆنان ژێرئاوکەوتوو و لە ئاکامدا 9 کۆچبەر کە سەرجەمیان عیراقی بوون خنکان، هاوکات چوار کۆچبەری دیکەش رزگارکران کە لەسەر هەمان بەلەم بوون.


PM:01:49:15/08/2018
























ئه‌م بابه‌ته 8292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو