ئازاد حه‌مید شه‌فی: ناوی من ده‌رهێنراو ژنێكی كوتله‌ی سه‌دری خرایه جێگه‌كه‌م
ئازاد حه‌مید شه‌فی
وێستگه نیوز -
له ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان مافی په‌رله‌مانتاری له‌ده‌ست دا و رایگه‌یاند كه ناوی ده‌رهێنراوه و ژنێكی كوتله‌ی سه‌دری خراوه‌ته جێگه‌كه‌ی.
ئازاد حه‌مید شه‌فی، به‌رپرسی ناوچه‌ی مه‌نده‌لی پارتی دیموكراتی كوردستان كه كوردێكی شیعه مه‌زهه‌به، له‌پارێزگای به‌غدا و له‌سه‌ر لیستی سائیرون خۆی كاندید كرد و 6 هه‌زار و 629 ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا.
له‌كاتی راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان دا، ناوی ئازاد شه‌فی له‌نێو كاندیده ده‌رچووه‌كاندا بوو بۆ په‌رله‌مانی عیراق، به‌ڵام دوای هه‌ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان، ناوی لابرا و ژنێك جێگه‌ی گرته‌وه.
ئازاد شه‌فی، لابردنی ناوه‌كه‌ی له‌نێو لیستی كاندیده ده‌رچوه‌كاندا به سیاسی زانی و له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا، رایگه‌یاند كه "ژێر به ژێر ناوی من ده‌رهێنراوه و ژنێك خراوه‌ته جێگه‌كه‌م، بۆیه سكاڵام تۆماركردووه".
وتیشی: "له‌گه‌ڵ هه‌ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كاندا، لیستێكم ده‌ستكه‌وت كه ناوه‌كه‌م لابرابوو، به‌دواداچوونم كرد و بۆم ده‌ركه‌وت، ژێر به‌ژێر له‌لیستی په‌رله‌مانتاره هه‌ڵبژێردراوه‌كان دوور خرابوومه‌وه".
سه‌باره‌ت به‌هۆكاری ده‌رهێنانی ناوی له‌لیستی په‌رله‌مانتاره هه‌ڵبژێردراوه‌كانی سائیرون دا، ئازاد حه‌مید شه‌فی پێیوایه له‌نێو لیسته‌كه‌دا، ئه‌و ته‌نها كاندیدی كوردی ده‌رچوو بووه، بۆیه ناوه‌كه‌یان به‌ژنێكی سه‌ربه ره‌وتی سه‌دری گۆڕیوه.
ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی كۆمسیۆن، كاندیده كورده‌كه‌ی لیستی سائیرون، ده‌ڵێت: "كۆمیسیۆن وتیان بێ ئاگاین له‌ده‌رهێنانی ناوه‌كه، بۆیه مه‌سه‌له‌كه سیاسییه".
هۆكاری كاندیدكردنی ئازاد حه‌مید شه‌فی له‌پارێزگای به‌غدا له‌لایه‌ن كوتله‌ی سه‌دریه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر كورد له‌و پارێزگایه.
ئازاد شه‌فی، پێیوایه كوتله‌ی سه‌دری به‌شێك له‌ده‌نگی كوردانی به‌غدایان له‌رێگه‌ی ئه‌مه‌وه به‌ده‌ستهێناوه، كه‌چی دواتریش نه‌یانهێشتوه بگاته په‌رله‌مان.
وتیشی: "دوای هه‌ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانیش، ژماره‌ی ده‌نگه‌كانم كه‌می نه‌كرد، تا دوور بخرێمه‌وه".
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ناره‌زایه‌تی زۆرێك له كوتله و لایه‌نه سیاسیه‌كانی لێكه‌وته‌وه، بۆیه دواجار بڕیاری ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان درا، ده‌رئه‌نجامی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش نه‌بووه هۆی گۆڕینی ده‌رئه‌نجامه‌كان.
PM:03:54:15/08/2018
ئه‌م بابه‌ته 9424
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت