عارف روشدی: پێكھێنانی حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌وێته ساڵی ئاینده
وێستگه نیوز -
عارف روشدی راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌دووری ده‌زانێت كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق له ئه‌مساڵدا پێكبھێنرێت و ئاشكراشی ده‌كات كه كارنامه‌یه‌كی یه‌كێتی و پارتی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقییه‌كان ته‌واوبووه.
عارف روشدی راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كه پێشتر ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ سه‌باره‌ت به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند كه"دیاره ھه‌موومان چاوه‌ڕێی كۆتا بڕیاری دادگه‌ی فیدڕاڵی عیراقیین له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی ھه‌ڵبژاردن، چونكه ده‌زانن كه داواكاری كۆمه‌ڵێك لایه‌ن ھه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بژمێردرێنه‌وه، ئێستا ئه‌و پڕۆسه‌یه ته‌واو بووه و ھاتووه‌ته قۆناغی تانه‌لێدان، ده‌بێت به‌پێی پڕنسیپ و واده یاساییه‌كان ئه‌و مه‌سه‌لانه كاتی خۆیان وه‌ربگرن تا به شێوه‌یه‌كی كۆتایی دادگه‌ی فیدڕاڵی بڕیاری خۆی لێ ده‌دات و ده‌بێته بڕیاری كۆتایی، واته ھیچیتر نامێنێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س بیانووی لێ بگرێت".
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ھه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی ناوه‌ندیی عیراقیش ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ده‌ڵێت: "ئێمه له ھه‌رێمی كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌ین په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا په‌یوه‌ندیی باش بن".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "باشی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه تا چه‌ند حكومه‌تی به‌غدا یان ئه‌و لایه‌نانه‌ی حوكمڕانن له به‌غدا پابه‌ند ده‌بن به ده‌ستووری ھه‌میشه‌یی عیراقه‌وه، كێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا لادانه ده‌ستوورییه‌كانه، ئێمه باسمان له‌وه‌كردووه كه زیاتر له 55 ماده‌ی ده‌ستووری عیراق پێشێلكراون، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و لادانه ده‌ستوورییه چاره‌سه‌رببن پێمانوابێت زۆرینه‌ی كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌بن".
وتیشی: "تا راده‌یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كانی ھه‌رێم و به‌غدا ئێستا نۆڕماڵن، سه‌ردان و ھاتوچۆ و گفتوگۆ ھه‌یه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوون به قۆناغی كۆتایی".
سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و گه‌یشتن به رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ده‌رباز بوون له‌م قۆناغه‌ی ئێستا، عارف روشدی روونیكرده‌وه كه "ھه‌ر ئه‌وه بووه به‌رده‌وامی به‌دانوستاندانه‌كان بدرێت و له‌سه‌ر ھه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی ئیداری و ئابووری گفتوگۆكراوه و ئومێد ده‌كه‌ین ھه‌ردوولا بگه‌ن به ئه‌نجامی پۆزه‌تیڤ".
راوێژكاره‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌دووری ده‌زانێت له ئه‌مساڵدا عیراقییه‌كان پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت ببینن و رایگه‌یاند كه "زۆر زه‌حمه‌ته به‌م نزیكانه حكومه‌تی نوێی عیراق پێكبھێنرێت، پێمانوایه ده‌چێته ساڵی نوێوه، چونكه ھێشتا ته‌نانه‌ت ئه‌و لیستانه‌ی ھه‌وڵی پێكھێنانی لیستی گه‌وره ده‌ده‌ن نه‌گه‌یشتوون به ئه‌نجامێك، كێشه‌ی زۆر له نێوان شیعه‌كان، سوننه‌كان، ته‌نانه‌ت له كوردستانیش ھێشتا مشت‌ومڕ ھه‌یه كه ئایا چۆن ده‌چینه به‌غدا، ئایا به‌شاندێكی ھاوبه‌ش ده‌چین بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان یان نا؟، ئێمه خوازیاری ئه‌وه‌ین له كوردستان ھه‌موو ھێزه سیاسییه‌كان تا بكرێت لێكتێگه‌یشتنیان پێكه‌وه ھه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن وه‌كو به‌ره‌یه‌كی كوردستانی به‌ره‌و به‌غدا بچن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێكه‌وه سه‌نگه‌ری نیشتمان په‌روه‌ری پته‌وتربكه‌ین و ئه‌و ده‌ستكه‌وته ده‌ستوورییانه بگه‌یه‌نینه ئامانج".
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری پێكھێنانی حكومه‌تی زۆرینه له عێراق وه‌كو ھه‌ندێك له میدیا و سه‌ركرده عیراقییه‌كان به‌تایبه‌ت شیعه‌كان ناو به‌ناو دووپاتی لێ ده‌كه‌نه‌وه، عارف روشدی باسی له‌وه‌كرد كه "حكومه‌تی زۆرینه له عیراق سه‌ركه‌وتوونابێت، ده‌بێت ره‌نگدانه‌وه‌ی پێكھاته‌كانی نه‌ته‌وه‌یی عیراق بێت، زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت حكومه‌تی تائیفی پێكبھێنرێت، ئه‌مه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زھه‌ب یان دین پێكبھێنرێت، ئێمه له كوردستاندا ئه‌و كێشه‌یه‌مان نییه، ئێمه دووه‌م نه‌ته‌وه‌یین له عیراقدا و ده‌مانه‌وێت نوێنه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆمان له رێگه‌ی حزبه سیاسییه‌كانه‌وه بكه‌ین".
ئێستا له عێراق ماڵی ھیچ پێكھاته‌یه‌ك له‌و سێ پێكھاته سه‌ره‌كییه وه‌كو جاران یه‌كگرتوو یان نیمچه یه‌كگرتوو نییه، بگره په‌رته‌وازه‌ییه‌كه‌ی پێش ھه‌ڵبژاردن زه‌قتر ده‌رده‌كه‌وێت له ھه‌رێمی كوردستانیش دوو به‌ره‌ی ناڕه‌گه‌یه‌ندراوی جیا ھه‌ن كه به‌شێكیان رازییه‌كانن له ئه‌نجامه‌كانی ھه‌ڵبژاردن كه یه‌كێتی و پارتی نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كه‌ن و ئه‌وانی به‌رامبه‌ریشیان ناڕازییه‌كانن كه ھه‌ریه‌ك له گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، یه‌كگرتووی ئیسلامی، ھاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری.
عارف روشدی له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌رباره‌ی كارنامه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كه ماوه‌یه‌كه باس له نووسینه‌وه‌ی ده‌كه‌ن و وه‌كو بنه‌ما و وه‌ره‌قه‌یه‌كی ده‌بینن بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عیراق ئاشكرایكرد كه"به‌گشتی ئه‌و كارنامه‌یه ته‌واوبووه، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ھه‌رێمی كوردستان بێنه نێو ئه‌و كارنامه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر دید و بۆچوونێكیان ھه‌بێت بیخه‌ینه سه‌ر و به‌گشتی ببێته كارنامه‌یه‌كی نیشتمانی، به‌گشتی ئه‌وه‌یه ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر سێ پڕنسیپ رێكبكه‌وین ئه‌وانیش شه‌راكه‌ت، ته‌وافوق و ھاوسه‌نگی، ئه‌م سێ پڕنسیپه له لای ئێمه سه‌ره‌كین ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م سێ پڕنسیپه رێككه‌وتین شته‌كانی تریش ده‌گه‌ینه رێككه‌وتن تێیاندا".
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ناره‌زایه‌تی زۆرێك له كوتله و لایه‌نه سیاسیه‌كانی لێكه‌وته‌وه، بۆیه دواجار بڕیاری ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان درا، ده‌رئه‌نجامی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش نه‌بووه هۆی گۆڕینی ده‌رئه‌نجامه‌كان.
PM:04:21:15/08/2018
ئه‌م بابه‌ته 2560
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت