بارزانی‌ و وه‌فدێكی‌ ئه‌مریكی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی‌ عیراقیان تاووتوێ كرد


وێستگه‌ نیوز –
سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و وه‌فدێكی‌ ئه‌مریكی‌ عیراقی بیروڕایان له‌باره‌ی عیراقی دوای هه‌ڵبژاردن و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی تازه‌ و هاوكێشه‌كانی ناو عیراق ئاڵوگۆڕ كرد.

میدیاكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ی ئابی‌ 2018 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازی له‌ دۆگڵاس سڵێمان  باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق و ستیڤ فاگین كونسووڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا بارودۆخی سیاسیی عیراق و ناوچه‌كه‌ و پێشهاته‌ تازه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی تاووتوێ كرا و باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق ستراتیژیی وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی دوا وێستگه‌كانی شه‌ڕی داعش و یارمه‌تیدانی ئاواره‌ و پێكهاته‌كانی عیراق و گۆڕانكارییه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان بۆ بارزانی خسته‌ڕوو و ئاماژه‌شی به‌ رۆڵی كاریگه‌ری ناوبراو و حكومه‌تی هه‌رێم له‌ په‌نادان و پاراستنی پێكهاته‌ و ئاواره‌كانی عیراق له‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش دا.

له‌ به‌شێكی تری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی عیراقی دوای هه‌ڵبژاردن و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی تازه‌ و هاوكێشه‌كانی ناو عیراق ئاڵوگۆڕ كرا و بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌وه‌ی به‌ لای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ گرنگه‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌تی ئاینده‌ی عیراقه‌ و پابه‌ندبوونی لایه‌نه‌كان به‌ سێ پڕه‌نسیپی هاوبه‌شی له‌ حوكمداری و ته‌وافوق له‌ یاسادانان و هاوسه‌نگی له‌ دامه‌زراوه‌كان ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كییه‌".

بارزانی‌ وتیشی‌: "ره‌چاوكردنی ئه‌و سێ پڕه‌نسیپه‌ ده‌بێته‌ هۆی چاره‌كردنی زۆر له‌ كێشه‌كان".


PM:04:57:15/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 1764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو