توانا ئەمین سەرجەم بەرهەمەكانی سوهراب سپێهری دەكات بە كوردی

‌توانا ئەمین و سوهراب سپێهری

وێستگە نیوز-
(هەشت كتێب) ناوی هەشت كتێبی شیعرییە و كۆبەرهەمی شاعیری بەناوبانگی ئێرانی (سوهراب سپێهری)یە، ئەم كۆبەرهەمە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ توانا ئەمینەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی كوردی.

توانا ئەمین لەو بارەیەوە بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئەم وەرگێڕانە هەواڵێكی خۆشە بۆ خوێنەرانی زمانی كوردی و پرۆژەیەكی گەورەیە بۆ كتێبخانەی ئێمە، چونكە سوهراب سپێهری شاعیرێكی عیرفانیی و سروشتگەرای ئێرانییە، بە دامەزرێنەری رەوتێكی نوێ لە شیعری فارسیدا ئەژمار دەكرێت.

سەبارەت بە گرنگی و هۆكاری وەرگێڕانی كۆبەرهەمی سوهراب سپێهری بۆ سەر زمانی كوردی، ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، بەگشتی سوهراب پێویستییە بۆ دنیای نوێ و بەتایبەتی بۆ ئێستای دونیای كوردی، چونكە شیعری سوهراب گلەییەكی توندە لە ژیانی مرۆڤی نوێ، لە زیاد بەكاربردن، لە ئیسرافی نەك تەنها شتە مادییەكان، بەڵكو شتە مەعنەوییەكانیش، لە زۆر قسەكردنەوە تا داوای شادی گەورە و مەسرەفكردنی دوودڵی و غەمگینی زۆر كە ئێستا بووە بەباو.

توانا وتی "لە جیهانی ئەم پیاوەدا دۆڕاو و سەركەوتوو نییە، زەوی هی هەموومانە و ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی چێژ لەم هەموو جوانییەی سروشت و مرۆڤ وەربگرین كە بۆ ئێمە -تەنها بۆ ئێمە- سازكراوە".

لەبارەی سەختی وەرگێڕانی سوهراب، توانا ئەمین وتی "وەرگێڕان بە هەموو سەختییەكانییەوە جۆرێكە لە گەمە، جۆرێكە لە چێژ، چێژی دروستكردنەوەی كۆشكێك لە زمانی نەتەوەكەی خۆتدا لەسەر نەخشەی ئەندازیارێك لە زمانێكی تردا، ئەوجا با دەیان وەستا و بەنای تر لەسەر ئەو نەخشەیە كاریان كردبێت و پێش تۆ ئەو كۆشكەیان دروست كردبێت، تۆ كۆشكی خۆت دروست دەكەیت، تۆ توانای خۆت تاقی دەكەیتەوە، دوایی خوێنەر بڕیار دەدات كام كۆشكیان وەستاكاری تێدایە و كامیان جوانن و لە ئاستی نەخشەكەدان".

لەبارەی ئەوەی ئەم كارە چەندی خایاندووە، وەرگێر ئاماژەی بەوەدا "ئەم پرۆژەیە زیاتر لە ١٠ ساڵی خایاندووە، ئەو مامۆستایانەی لە پێداچوونەوەی ئەم هەشت كتێبەدا هاوكارم بوون، بەوریی رێنماییان كردووم، بەشێوەیەكی گشتی من هەوڵم داوە شیعرەكان بە كوردی بنووسمەوە، بۆیە تا ئەو جێگایەی كراوە سێنتاكسی فارسییەكەم لە وەرگێرانە كوردییەكەدا بەمەبەست شكاندووە، تا بە ڕستەسازی كوردی ئەم كۆشكە دروست بكەمەوە، كە سوهراب ئەندازیارەكەیەتی".

وەرگێڕانی ئەم كۆبەرهەمە لەلایەن خالید فاتحی و هاوبیر كامەران پێیداچوونەوەی بۆ كراوە و ئێستا پڕۆژەكە لەكۆتاییدایە و ئامادەیە بۆ چاپ. توانا ئەمین نووسەر و وەرگێڕێكی تاراوگەنشینی كوردە و تا ئێستا ٢٠ كتێبی لە نووسین و وەرگێڕان لە كتێبخانەی كوردیدایە.

پ.ج


PM:04:14:21/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 3020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت