رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: لە 10 ساڵدا 63 هەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە

‌وێنە: گێتی

وێستگه‌نیوزـ

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتی 10 ساڵەی خۆیدا ئاشكرای دەکات، لە 10 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 63 هەزار کەس بەهۆی کۆچەوە گیانیان لەدەستداوە.


رێکخراوی كۆچی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات، لە نێوان ساڵانی 2014  بۆ 2023، زیاتر لە 63 هەزار کەس لە رێگاکانی کۆچکردندا لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون. لەو ژمارەیەش زیاتر لە 28 هەزار کەس لەوانە ئەو کۆچبەرانەن کە لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە کۆچیان کردووە.

خۆرخی گالیندۆ، وتەبێژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە %60ـی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان کە لە راپۆرتەکانیان تۆمارکراون، بەهۆی "خنکان" بووە.

هاوکات  وتەبێژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە خستنەڕووی راپۆرتی 10 ساڵەی رێکخراوەکەیدا  ئاماژەی بەوە کرد: ساڵی 2023 کوشندەترین ساڵ بووە بۆ کۆچبەران؛ تەنیا لەو ساڵەدا هه‌شت هه‌زار و 500 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە سێ هەزار و 700 کەس بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ئاماری کۆچکردن لەو ساڵەدا بە رێژەی %20  لە ساڵێک پێشتر زیاتر بووە.

وتەبێژی رێکخراوەکە باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئەو ئامارانە مەترسیدارن بەو پێیەی هێشتا کەسانێک ئامادەن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی گونجاوتر.

رێکخراوەکە ئه‌وه‌شی وتووه‌، یەک لەسەر سێی تەرمی ئەو کۆچبەرانەی تۆمارکراون ئاراستەی کۆچکردنیان لەو وڵاتانەوە دەست پێدەکات کە ململانێی سەربازی یان دۆخی ژیانکردنیان سەختبووە لەوانە ئەفغانستان، بۆرما، سوریا و ئەسیوبیا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ژمارەیەکی زۆر لە تەرمی قوربانیان نەناسراونەتەوە. هاوکات رێکخراوەکە داوای دەستەبەرکردنی رێگای یاسایی بۆ کۆچکردن دەکات بەمەبەستی رێگریکردن لە زیانە گیانییەکان.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا کە بڕیارە لە 6 تا 9ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەنجامی راپرسییەک کە لەلایەن ناوەندی "ئیپسۆس"ـو بەپشتیوانی "یۆرۆ نیوز" کراوە، دەریدەخات نیوەی دانیشتوانی وڵاتانی ئەوروپا یاساکانی پەیوەست بە پەنابەران پەسەند ناکەن و، خوازیارن کۆنتڕۆڵی سنووریی توندتر بکرێت.

بەگوێرەی راپرسییەکە کە لەنێوان 26 هەزار کەسی 18 وڵاتدا کراوە، دەرکەوتووە؛ لە 51%ی ئەوروپییەکان تێڕوانینی "نەرێنی"یان بۆ سیاسەتی کۆچبەری یەکێتی ئەوروپا هەیە و تەنیا 16%یان دیدێکی "ئەرێنی"یان هەیە. هاوکات لە %32 دەڵێن کاریگەری ئەم سیاسەتە "نە ئەرێنی بووە، نە "نەرێنی".

فەرەنسا بە رێژەی %2 نەمسا بە رێژەی %60  هەنگاریا بە رێژەی %58  یەکێکن لەو وڵاتانەی زۆرترین رەخنەیان لە سیاسەتی پەیوەست بە کۆچبەران گرتووە، هەروەها هەریەکە لە دانیمارک بە رێژەی %26  و، رۆمانیا بە رێژەی %27  و، فینلاند بەرێژەی %32  کەمترین دەنگی "نەرێن"ـیان لە دژی کۆچبەران و پەنابەران داوە.


AM:09:18:28/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت