وته‌بێژی كۆمسیۆن:هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن نییە

‌جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و لەوادەی خۆیدا دەستپێدەکات.


بڕیارە رۆژی 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەو بارەیەوە رایگەیاند، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، لە کاتی خۆیدا بانگەشە دەستپێدەکات کە مانگێک پێش رۆژی دەنگدانە و لە 10ی ئایار دەستپێدەکات.

باسی له‌وه‌شكرد، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 10ی حوزەیران بەردەوامن، زیاتر لە 800 کاندید بەشداردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردساتان، ناوەکان دەنێردرێت بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

وتیشی: "چوار بازنە هەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە 100 ناوەندی دەنگدان، 1200 بنکەی دەنگدان و 6000 وێستگە هەیە".

لەبارەی تەرخانکردنی بودجە بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدان رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرامی عێراق وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و کۆمسیۆن 69 ملیۆن دیناری وەرگرتووە، میکانیزمی تەواو گیراوەتەبەر بۆئەوەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی گونجاو بەڕێوەبچێت.

جەختی لەوەشکردەوە، "هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دواناخرێت، قۆناغێکی باشمان بڕیوە و بودجەی پێویستیشمان تەرخانکردووە، بۆئەوەی لە کاتی خۆیدا پڕۆسەکە بە شێوەیەکی یاسایی بەڕێوەبچێت، لە رۆژی 10ی حوزەیران ناوەندەکانی دەنگدان دەکرێنەوە".


PM:12:10:25/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت