کەنەکە بۆ ئێران: ناتوانن دەنگ و هاواری خەڵکی کوردستان بخنکێنن

‌بەرخودان و خۆپیشاندانی رۆژهەڵات بەردەوامی هەیە

وێستگە نیوز-

کەنەکە، بە توندیی دڕندەیی ڕژێمی ئێران بەرامبەر بە کۆڵبەرانی کورد شەرمەزار دەکات و دڵنیایش دەداتە ڕژێم، کە "بە ئەژمارکردنی هێزی ئەمنیی و پاسدار و سەرباز لە کوردستان ناتوانن دەنگ و هاواری خەڵکی کوردستان بۆ داواکردنی مافی ڕەوای خۆیان بخنکێنن".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە شاری بانە بڵاوکردەوە.
 
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "کۆڵبەرایەتیی کاسبیەک نییە کوردستانیان هەڵیانبژاردبێت، بەڵکو زەحمەتکێشیی و ڕەنجدانێکە کە بەسەریاندا سەپێندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا و ئێران مۆری قاچخچیەتیی، بەئامانجی بەدناوکردن و سووکایەتیی پێکردن و پاشان بەنایاساییکردن، لێ دەدەن و ژمارەی کوشتن و تیربارانکردنی کۆڵبەران ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە".
 
کەنەکە، "بەتوندیی دڕندەکاریی کۆماری ئیسلامیی، لەوانە  کوشتنی دوو کۆڵبەری کورد لە شاری بانە شەرمەزار دەکات و داوا لە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی دەکات ڕێز لە ئیرادەی ئازاد و لە شانازیی خەڵکی کوردستان بگرن و دەست لە چەوساندنەوە و داگیرکەریی لە کوردستان هەڵبگرن".
 
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکە-دا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵنیا دەکەینەوە، کە بەئەژمارکردنی هێزی ئەمنیی و پاسدار و سەرباز لە کوردستان ناتوانن دەنگ و هاواری خەڵکی کوردستان بۆ داواکردنی مافی ڕەوای خۆیان بخنکێنن".
 
هەروەها، کەنەکە داوا لە خەڵکی  هەر چوار پارچەی کوردستان و کوردانی دەرەوەی کوردستان دەکات، کە لە هەر شوێنێک هەن پشتگیریی خۆپیشاندەرانی شارەکانی بانە و مەریوان و سەردەشت و هەر شوێنێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە: "کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان زۆر بە وردیی ئاگاداریی ئەم مەترسیانە و پیلانی دوژمنان و داگیرکەرانە و لە پلانەکانیان تێ دەگات، لەبەرئەوەیە بە بەردەوامیی داوای یەکیەتیەکی نەتەوەیی پتەو، یەکیەتیی پێکهاتەکانی کوردستان، یەکیەتیی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان دەکات، چونکە پێکەوە دەتوانین هاوپەیمانیی داگیرکەران بشکێنین و بەرپەرچی هەڕەشە و هێرشیان بدەینەوە".
 
کەنەکە، داواش لە هەموو ڕۆژهەڵاتیانی کوردستان دەکات، کە بە هەموو توانایەکیانەوە پشتگیریی کۆبوونەوەی ڕاوێژ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، کە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە 16و 17ی مانگی سێپتەمبەر لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەی دەبات.
 
ئامانجی کۆبوونەوەکەش دەخاتەڕوو و دەڵێت:"کۆبوونەوەی ڕاوێژ دروست بۆ ئەو مەبەستەیە کە سەنگەری ڕۆژهەڵات بکەین بە یەک و پایەدار و بەهێز ڕای بگرین، بۆ ئەوەیە کە دەنگ و ڕەنگی کەسایەتیەکی بە ورە و شانازی و سەربەرزی ڕۆژهەڵاتی وڵات نیشان بە دۆستان و دوژمنان بدەین".
 
لە کۆتاییشدا هاتووە:"کۆبوونەوەی راوێژ هەروەها بۆ ئەوەیە کە پێکەوە کوردستانێکی دیموکراتیک و ئازاد دابمەزرێنین کە تیایدا ڕێز لە مافی مرۆڤ بگیرێت و کە نموونەیەکی بەرچاو و دروستی بەرابەریی و یاساسەروەریی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بێت".


AM:09:46:06/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 5229 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو