مه‌سعود حه‌یدر: ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌رنه‌چوون، ده‌یانه‌وێ ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكه‌نه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز -
مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌رنه‌چوون، ده‌یانه‌وێ ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكه‌نه‌وه‌، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "كارێكی ناده‌ستوریه‌".

مه‌سعود حه‌یده‌ر كه‌ له‌سه‌ر لیستی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بوو به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و له‌ماوه‌كانی‌ رابردوودا بزووتنه‌وه‌كه‌ دووریخسته‌وه‌، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: "رۆژی ھه‌ینی 2018/6/22 په‌رله‌مانی عیراق به‌ته‌مایه‌ دانیشتنی نائاسایی ئه‌نجام بدات".

مه‌سعود حه‌یده‌ر ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی ده‌رنه‌چوونه‌ ئه‌یانه‌وێ ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكه‌نه‌وه‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "نه‌ ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ ده‌بم و نه‌ له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانم، كارێكی ناده‌ستوریه‌".

پێشتر ئه‌مین به‌كر، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی وت: "كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ بۆ تاوتوێی بڕیاره‌كانی ئه‌مڕۆی دادگای فیدراڵییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتیكردنی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و باسكردنیشه‌ له‌ كۆتاییهاتنی ماوه‌ی یاسایی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان".

ئەمڕۆ مەدحەت محمود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا له‌ به‌غدا رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عیراق کە لە 6ی حوزەیراندا ئەنجامدرا دەستورییە و ژماردنەوە و جیاکردنەوەی‌ دەستیی‌ دەنگەکان کارێکی‌ دروستە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکان بەهەدەردانی دەنگی دەنگدەرانە. ئەوەشی راگەیاند، بریارەکانی دادگای فیدراڵی ئیلزامیە، پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پاپەندبن.

دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عیراق، هەندێك لایەنی عیراقی و كوردی ئاماژەیان بەوەكرد كە ساختەكاری كراوە، دواتر پەرلەمانی عیراق یاسای هەڵبژاردنەكانی هەموار كردەوە و بڕیاریدا بە رەتكردنەوەی دەنگی تایبەت و جیاكردنەوەی ژمارەیەك لە دەنگەكان بەدەست، ئەندامانی كۆمسیۆنیشی لەكاركردن راگرت.

دوای ئەو بڕیارانەی پەرلەمان، سەرۆك كۆماری عیراق و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و پارتی دیموكراتی كوردستان تانەیان لە یاساكە گرت.

كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عیراق لە كاتێكدایە رۆژی 30ی ئەم مانگە خولی چوارەمی پەرلەمانی عیراق كۆتایی دێت.


PM:09:47:21/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 5064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو