قایمقامیەتی‌ سلێمانی‌: دەستمان بەسەر زیاتر لە 600 کیلۆ گۆشتی‌ بێ مۆردا گرتووە


وێستگه‌ نیوز ـ
لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی‌ دوو رۆژی رابردوودا، دەستیان بەسەر زیاتر لە 600 کیلۆ گۆشتی سووری بێ مۆردا گرتووە و لەناوی‌ دەبەن.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی وتی‌: "بەهۆی گومانكردن لە گۆشتەكە و نەبوونی مەرجەكانی ڤێتنەری و تەندروستی، لیژنەكانی قایمقامیەت بە هاوكاری ئاسایشی ئابووری و بەرێوەبەرایەتی ڤێتنەری سلێمانی دەستی بەسەر زیاتر لە 600 كیلۆ گۆشتی سوردا گرت".

هەروەها وتیشی: "ئەو گۆشتەی دەستی بەسەردا گیراوە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتنەری پشكنینی بۆ گۆشتەكە نەكردووە، واتە بێ مۆر بووە،  پاش دەست بەسەردا گرتنی لەلایەن لیژنەهاوبەشەكانەوە گۆشتەكە رەوانەی ڤێتنەری سلێمانی كراوە بۆ پشكنین، ئەنجامەكەی بە نەشیاو بۆ بەكارهێنان گەڕاوەتەوە".

گۆران قادر، ئاماژەی بۆئەوەكرد كە، بەفەرمانی قایمقامی سلێمانی، گۆشتەكە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی ڤێتنەری سلێمانییەوە لەناودەبرێت و خاوەنەكەی رووبەرووی سزای‌ یاسایی دەكرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە قایمقامیەتی‌ سلێمانی‌ چەند لیژنەیەک هەیە رۆژانە دەرچونیان هەیە بۆ پشکنینی‌ هەموو مادە خۆراکیەکان، دەستبەسەر ئەو خۆراکانەدا دەگرن کە بۆ خواردن شیاو نین، بەوتەی‌ خۆیان زۆرجار خاوەنی‌ خۆراکەکان سزا دەدرێن بەپێی‌ بڕی‌ خۆراکەکە و مەترسیەکەی‌.

هــ. ر


PM:03:03:13/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 1926 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو